تاگ: جەمیلە ڕەحیمی

  • وتووێژ لەگەڵ \”جەمیلە ڕەحیمی\” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

    وتووێژ لەگەڵ \”جەمیلە ڕەحیمی\” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە

    لە پەراوێزی کۆنفڕانسی «ناوەندی دیالۆگ» بە بەشداری ٧ حیزبی کوردستانی رۆژهەڵات لە ڕێکەوتی ٢٨ سپتامبر لە شاری کۆڵنی ئاڵمان، ئاسۆی ڕۆژهەڵات چەند پرسیارێکی ئاراستەی بەڕێز «جەمیلە ڕەحیمی» ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوێنەری کۆمەڵە لەو کۆنفڕانسەدا کردووە.

    ئاسۆی رۆژهەڵات: بەرێز جەمیلە رحیمی ! رۆژی ٢٨ی مانگی سپتامبر بە بۆنەی تێپەرینی ٣ ساڵ بە سەر مەرگی ژینا ئەمینی بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بانگەوازی ٧ حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات لە شاری کۆڵنی ئاڵمان کۆنفرانسێک بەرێوە چوو. ئێمە وەک نوێنەری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو کۆنفرانسەدا بەشدار بوون و وتارێکتان پێشکەش کرد.بە کورتی هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ کۆنفرانسەکە وەک کاری هاوبەشی ئەم ٧ حیزبە کوردستانییە چییە و گرینگترین دەسکەوتەکانی ئەم چالاکییە هاوبەشە لە چیدا دەبینن؟

    ئەو کونفڕانسە دیارە لە ڕاستای ناوەندی دیالۆگی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پێکهات، لەسەر ئەوە بە تەوافق گەیشتن و بە ڕای من ئەرێنی بوو. ئەو کونفڕانسە موسبەتە چونکە حیزبە کوردییەکان هەوڵیاندا و ئەو کونفڕانسە نەتیجەی ئەو هەوڵ و تەلاشانە بوو کە حیزبەکان بۆ دیالۆگ و لێک نزیک بوونەوە کردیان، بۆ سازدانی یەکەیەکی سیاسی، بۆ گەیشتن بە خاڵی موشتەرەک یان گوفتمانی موشتەرەک لە سەر داخوازی و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام ئەوەی من لەو کونفڕانسە بەر چاوم کەوت پێموایە هێشتا زۆر مەسائلی واقعی بزووتنەوەکە، نیازە ئەساسییەکانی، ئەرکە سەرەکییەکانی حیزبەکان لەو چوارچێوەیەدا، لەو شەرایەتە حەساسەی ئێستادا کە لەبەردەم ئاڵووگۆڕێکی زۆرجددی داین و هەر ئان موومکینە ئاڵوگۆڕ پیش بێت و ئێمە سوورپرایز بین، زۆر لەو پەیوەندییەدا لاواز بوو و من پێموایە تا ئێستاش حیزبەکان زۆر زۆر لێک دوورن. ئەو کۆنفڕانسە وەک خۆی نەیتوانی بە نەزەری من شتێکی ڕوون و یەکدەنگێکی وا نیشان بدات کە ئومێدێک سازبێت و ئینسان پێی وابێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ئامانجە سەرەکییە یان ئەو ئارەزوو و نیازە ئەساسی و موهیممەی کە پێویستە بەدی بێنیت. زۆربە حیزبەکان تەنیا هاتن بەرنامە و سیاسەتی خۆی وەک جاران دووپات کردەوە و لە ڕاستیدا جیاوازی فکری هەبوو، بۆیە من جارێ هەست ناکەم گوتارێکی هاوبەش بە زوویی درووست بێت مەگەر تەلاشی زۆر زۆر زیاتر لە داهاتوودا لەو پەیوەندییەدا بکرێت.

    ئاسۆی رۆژهەڵات: لەو کۆنفرانسەدا بێجگە لە نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان ژمارەیەک کەسایەتی ئاکادێمی کورد بەشدار بوون.ئەگەردەکرێ  بە کورتی ئاماژەیەک بە خاڵی هاوبەش وهەروەها جیاوازی گووتاری نێوان حیزبەکانی بەشدار و کەسایەتییە ئاکادمییەکانی بکەن.

    هەروەک باسم کرد گوتاری حیزبەکان وەک یەکتر نەبوو، جیاواز بوو، بۆیە دانە بە دانە سەختە ئەرزیابی بکرێت. دوو نۆوع بوو ئەساسەن عددەیەک پێداگری زیاتریان دەکرد وەک ئێمەی کۆمەڵە لەسەر یەک سێری داخوازی موهم و خاڵی گرنگ کە پێویستە حیزبەکان لەسەری هاودەنگ بن بۆ داهاتووی کوردستان، بەڵام عددەیەکیش هەروەک باسم کرد زۆر زۆر جیاواز بیریان دەکردەوە. من نەتیجەم وەرگرت کە ئێستا کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵک ئامادەتر و یەکگرتووترن لە حیزبەکان، پێویستە من پێموایە ئامادەکاری زۆرتری دەوێت، زۆر زیاتری دەوێت، بۆیە جارێ زۆر دڵخۆش نیم، پێویستە حیزبەکان لەسەر کوردستانی بوون و نەتەویی بوون زیاتر تائکید بکەن تا بتوانن بە شتی موشتەرەک بگەن تا زەمانێک سێکتاریزم و پاوانخوازی هەر وا زاڵ بێت بە نەزەرم دوورین لەوە.

    سەر ئەوەی جیاوازی قسەکانی ئاکادێمیستکان لەگەڵ حیزبەکان، جیاوازی زۆر بوو لە ڕاستیدا بەڵام ئەوەندە گوتاری حیزبەکان جیاواز بوو ناتوانم ئێستا بڵێم چۆن بوو بەڵام دوو نۆوع بوو، هەر وەک باسم کرد عددەیەک پێداگری زیاتریان دەکرد لە سەر مەسەلەی کورد و عددەیەک بە پێچەوانەوە دوور بوون لەوە بەڵام قسە و باسی ئاکادێمیستەکان زۆر زۆر مەسئولانە زۆر بەدوورنەماوە زۆر قانوونمەند بوو و زۆر دڵسۆزانە بوو ئەوان تائکیدیان زۆر لەسەر مەسەلەی یەکگرتوویی حیزبەکان یەکدەنگی و یەک پلاتفۆڕمی دەکرد تائکیدیان زۆر لەسەر ئەوە کرد کە دەبێت نەهاد و دامەزراوەی جددی ساز بکرێت بۆ مەسەلەی کێشەکانی خەڵکی کوردستان ئێمە دەبێت پێداگر بین لەسەر داخوازییە ئەساسییەکانی خەڵکی کوردستان لەسەر نەتەوەیی بوونی ، لەسەر گوفتمانی موشترەک لەسەر پیرۆزییەکانی خەڵکی کوردستان ئێمە دەبێت حەسسا بین و ئیشارەیان بە زۆر نموونەی وڵاتانی ئورووپایی دێناوە کە منیش پێموایە ئێمە بۆخۆشماون و کۆمەڵەش ڕوانگەمان بەرەو ئەولاوە بێت ئەگەر قەرار وایە تەجرووبەیەک وەرگرین یان نموونەهایەک بمانبێت لە ئایەدەدا بۆ داهاتووی کوردستان دەبێت ڕوو لە وڵاتانی ئورووپایی و دێموکرات و مودێرن بکەین کە ئەوان لەسەر ئەوە تەئکیدیان دەکرد، ئەوان لەسەر ئەوە ئەئکیدیان دەکرد کە ئاڵای کوردستان دەبێت نمادێکی خارجی و یەکێک لە ئەسل و ئەساسەکانی ملەتێک بێت، یان یاسای بنەڕەتی چۆن بێت لەسەر زۆر شت لەسەر خاڵە سوورەکانی کوردستان چی بێت کە حیزبەکان پابەند بن پێی و چە خالێکی سوورە کە نابێت دووپات بکرێتەوە، ئێمە دوژمنایەتی لە نێوان یەکدا لە نێو کوردستاندا زەربەی ئەساسی لە کوردستان دەدات ئێمە فدەبێت زۆر دڵ ئاواڵە بین هەروەک خۆمان بیر دەکەینەوە ئەوانیش پێیان وابوو قبووڵی جیاوازی و تەنەوۆع ئەسڵی بێت دێموکڕاسی و قەبوڵکردن ڕەنگ و فکری جیاواز ئەسڵ بێت بەڵام ڕقابەتیشمان هەبێت دەبێت لەسەر ڕقابەت ئێمە ئەئکید بکەین بەڵام ڕقابەتی سالم. دەبێت پرەنسیبی نەتەوەیی ئەسڵ و موهەممە، سەروەری سیاسی خەڵک موهممە، ئگەر ئەوانە ئێمە لە نەزەر نەگرین مەترسی لەناوچوونی نەتەوەی کورد هەیە، دەبێت  بە حیفزی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتی جیاواز یان فکر و بۆچوونی جیاواز کە حیزبەکان هەیانە، لەسەر چەند شت کۆک بن ئاڵا یەکێکە لەوانە یەک سەری دروشمی تایبەت کە بۆ هەموو میللەتە، لەسەر ئەوانە کۆک بین و داخوازییەکانمان کە من بۆخۆشم لێوێ لە جوابی پرسیارەکان باسم کرد کە ئێمە دەبێت داخوازییەکانمان ڕۆشەن بێت خاڵ بە خاڵ ڕەش لەسەر سپی و هەموومان لەسەر ئەوە تەوافوق بکەین و ڕوو بە هەر مەرکەزێک ڕوو بە هەر ناوەندێک ڕوو بە هەر حاکمیەت، ئۆپۆزسیۆن وڵاتان و سازمانهای نێودەوڵتی ئەوەمان ببێت کە ئەوانیش لەسەر ئەوە پێداگریان کرد، پێناسەی حقوقیمان لە باووتنەوەی کورددا بسەپێنین. خولاسە ئەوە ئەو شتانە بوو کە ئاکادێمیستەکان باسیان کرد من پێموایە زۆر زۆر مەسئولانە بوو بەرخوردیان زۆرواقعبینانە بوو زۆر کوردانە بوو و زۆر هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی کە یەکگرتووی زیاتر ساز بکەین لە ناو حیزبەکاندا و بنەما ئەساسی و تئۆرییەکانی ئەو بزووتنەوەیە و مەسەلەی کوردیان باس کرد.

    ئاسۆی ڕۆژهەڵات: لە ووتارە رەخنەئامێزەکەی بەرێزتاندا بە روونی ژاڵبوونی هێژموون و سێکتاریزمی حیزبی دراوەتە بەر نەشتەری رەخنە و بە روونی و لە چەند رستەی نووسینەکەتاندا ئاماژەتان بە پرسی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی کردووە کە خوێنەر بە باشی لە نووسراوەکەی بەرێزتان دا درک بە گرینگی دامەزراندن و بنیاتنانی سازوکار و دامەزراوە نەتەوەییەکان دەکات. لە روانگەی بەرێزتانەوە گرینگترین هەنگاوەکان بۆ سازدان و سەقامگیرکردنی دامەزراوە نەتەوەییەکان لەو کاری هاوبەشی لەمجۆرەدا کامانەن؟

    سەبارەت بە مەسەلەی ژنان بەڵێ مەسەلەی ژنان تازە نیە و هەمیشە مەسەلەیە بەڕاستی، نامهەوێت لێرە باسی دەلایل و ڕیشەکانی بەکم بۆ وایە بەڵام ئیتر ئەوە لەوێش دیسان لەو کۆنفڕانسەشدا خۆی نیشاندا ئەوە بە داخەوە لە پانێلێکی ١٣ کەسیدا تەنیا سێدانە ژنی تێدا بوو و بەڕاستی ئەوە جێی ڕەخنەیە من بۆ خۆم ئەو بۆشاییە بە وجەدی من و دوو  کەسی دیکە بە راحەتی پڕنابێتەوە، بەڕاستی بەشداری ژنان زۆر کەم بوو و حیزبەکان کەم هەوڵیان داوە کە فەزایەک بخوڵقێنن کە ژنان بتوانن ڕاحەتتر لەو چوارچێوە و قالبە حیزبێدا فەعالیەت بکەن، خودی ژنانیش بۆخۆیان بە نەزەری من جار و بارێکدا  لە مەقاتیعێکدا دەبینی کە کششیان کەمە بۆ دخاڵەت کردن لە کاری سیاسیدا بەڵام ئەوە عومدەتەن دەلایل و زەعفەکانی دەهێڵمەوە بۆ حیزبەکان بۆ کولتور و فەرهەنگی ئێمەی کورد جا لە هەر کوێیەک بێت بە هەر حاڵ ئەوە کێشەیەک بوو ئەوە خەلەلێک بوو من پێموایە حزووری ژنان لە شوێن های ئاوادا یان لە شوێنی تەسمیم گیریدا حەتمەن تەئسیری  زۆرتری هەبێت. من زۆر جار بیر دەکەمەوە کە ڕەهبەری حیزبەکان هەموو بەدەست ژنانەوە بایە ئێمەش ئاوا تەسمیمان دەگرت هەرچەند دەیهێنم و دەیبەم بیری لێدەکەمەوە فکر دەکەمەوە ئێمە زۆر بەڕووحیەیەکی گەورەتر و دڵ ئاوالەترەوە بە ڕووحیەیەکی ئاشتیخوازی و سوڵح تەڵەبی و  یەکگرتوویی زیاترەوە بە نەزەری من کارمان دەکرد. بەهەرحال ئەو مەوزوعە بە جیاواز بەحسێکی گرنگە کە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام یەکێک لەو کیشە سەرەکیانە بوو بۆ ئەو حیزبانە و لە ڕاستی جێی ڕەخنەن و ئەهمیەتیان نەداوە بەو مەوزووعە.  

    من پێموایە ئەگەر نزیکی و هاودەنگی سازما ئەگەر تا ئێستا ئەوە چل و چەند ساڵە لەو خەباتە تێپەڕیوە و حیزبەکان نەیانتوانیوە لە زۆر مەقاتعی کوردانە کارێکی هاوبەش بکەن تا ئێستا هیچ داخوازنامەیەکی موشتەرەک لە فۆرمێکی موشتەرەک لەسەر خواستەکانی خەڵکی کورد و ئارەزوو و ئاواتەکانی خەڵکی کورد نەدراوە بە هیچ مەرجعێکی جیهانی کە هەرکەس هەر ئەوەی دیبێت بڵی کوردی ڕۆژهەڵات ئەوەی دەوێت هەموو ئەواە دەگەرێتەوە بۆ ئیتر ئەو جیاوازی  فکری و تەرز تەفەکوور و سیاسەتەی کە حیزبەکان هەیانە ئەگەر ئێستا لە ئەو ناوەندەش کە درووست بووە بۆ دیالۆگ ئەگەر بە ڕاستی عەقیدەیان بەوە هەیە بڕوایان بەوە هەیە کە دەبێت شتێکی ئاوا بکرێت و ئەگەر نەکرێت دووبارە بە قەولی کوردی کورد سەری بێ کڵاو دەمینێت پەس دەبێت لە دەرەجەی ئەوەڵدا لە بواری سیاسییەوە بەوە بگەن قبوڵی ئەوە بکەن وەختێک قەبوڵ کرا جا ئەوجار دەتوانن دابنیشن لەسەر پێکهاتنی ئەو ساز و کارانە پێکهێنانی ئەو زەرفە یان ئەو مکانیزمانەی پێویستە بۆ سازدانی ئەوە بچنە پێشەوە. ئەگەر بەو قەناعەتە بگەن کە ئێمە لە دواڕۆژدا دەبێت ناتوانین و ئاسان نیە و خەتەرناکە هەر حیزبێتک پێشمەرگە و چەکداری خۆی هەبێت ئەگەر پێمانوابێت لە ئێستاوە کە درەنگیشە دەبێت دەست بکات بە دیپڵۆماسی بۆ مەسەلەی کورد و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات پەس دەبێت دیپڵۆماسییەکی هاوبەش هەیئەتێکی هاوبەش درووست بکات بۆ کاری دیپڵۆماسی، و لەولاشەوە هەوڵ بدات بۆ ئەوەیکە لە داهاتوودا ئێمە لە ئێوێش زۆر تەئکیدم کرد لەسەر پێکهێنانی هێزی پیشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان ئەوە و چەندین خاڵی دیکە کە زۆر گرنگن دەبێت کاریان لەسەر بکرێت زۆر بە زۆری، دەبێت ئێمە نیشانی بدەین کە بەو ئالوگۆڕانەی دەیکەین بلەخەرە کۆمەڵگایەکی مەدەنی پشتبەستووی بە خەباتی مەدەنی و مۆدێڕن و پێشکەوتنخواز لە کوردستان نا بێت حیزبەکان لەدوای ئەو خاڵکە بن ئەگەر بەڕاستی پێیان وایە بە نەوعێک نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە دەکەن و دەبێت ئامادەگی خۆیان بۆ ئەوە نیشان بدەن ئەو بۆشاییانەی هەیە پڕی کەنەوە بەحس لەسەر درووستکردنی ساز و کار و مکانیزم و وەختێک هەموو لە بواری فکرییەوە بەو قەناعەتەوە گەیشتن زۆر سەخت نابێت من پێموایە. بۆیە پێموایە دەبێت بەشددەت یەعنی بەشددەت مەنزورم ئەوەیە زۆر بە جددی هاوکاری و یارمەتی پسپۆران و ئاکادێمیستەکانی کوردستان وەرگرن، حیزبەکان بە بێ ئەوەی نۆخبە و ئاکادێمیست و لێزان و پسپۆری کوردستان لەگەڵ خۆیان خەن بۆ بەرەو پێش چوونی ئەو دامەزراوانە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەو پرسە کە لە نەزەرماندایە بۆ ئەو یەکدەنگی و هاوئاهەنگی و پلاتفۆڕمە موشتەرەانە بە بێ هاوکاری پسپۆران و ئاکادێمیستەکان ئەوە ناکرێت و دەبێت حەتمەن ترکیبێک بێت لەوان پەیوەندی چڕ و پڕ لەگەڵ هەموو نوخبە و پسپۆڕی کوردستان و بگرن لە دەرەوە و لە ناوەوە و زۆری مکانیزمەکان و من ئێستا نە زۆر لێیدەزانم و نە زۆر بیرم لێکردۆتەوە چۆن بێت بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ ئەوە تەعەهۆدی ئەخلاقی و سیاسی موهممە درووست بێت و هیوادارم حیزبەکان بەو بلوغی سیاسییە بەو زاڵکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی بە سەر بەرژەوەندی حیزبی خۆیاندا   ببینن و بگەن تا ئێمە بتوانین ئەو ئومیدونە و ئارزوویانەی خەڵکی کوردستان هەیەتی دروستی کەین و بەرەواردی کەین و دڵخۆش بین بەئەوە کە دووبارە لە هەر ئەگەر و ئالوگۆڕێکدا ئێمە دووبارە شکست خواردوو و زەرەر مەند نین.

  • لە پەراوێزی کۆنفڕانسی \”ناوەندی دیالۆگ\” بە بەشداری ۷ حیزبی کوردستانی رۆژهەڵات لە ڕێکەوتی ٢٨سپتامبر لە شاری کۆڵنی ئاڵمان

    لە پەراوێزی کۆنفڕانسی \”ناوەندی دیالۆگ\” بە بەشداری ۷ حیزبی کوردستانی رۆژهەڵات لە ڕێکەوتی ٢٨سپتامبر لە شاری کۆڵنی ئاڵمان

    زیاتر لە سەد ساڵە گەلی کورد لە خەبات دایە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی ڕەوای خۆی. نزیک نیو سەدەیە لە ژێر سەرکوت و فشار و هەڵاواردنی بێ وێنەی کۆماری ئیسلامیدا، بێ وچان لە خەبات و موقاومەتدا بەسەر دەبا. کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆتە مەکۆی بزوتنەوەگەلێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز، بۆتە مەیدانی خەباتی ژنان و لاوان و هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان دژی داگیرکاری و سەرکوت و ڕزگاریی نەتەوەیی، مێژوویەکی پڕ لە شانازی و پڕ لە دەسکەوت و ئەزمونی بۆخۆی تۆمار کردوە. ئەو مێژووە یا خۆ پرۆسەیە سەڕەڕای هەوراز ونشێوەکان و شکست و سەرکەوتنەکان، بووەتە بەستێنێک بۆ ناسینی خۆ و هۆشیاری نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ یەکگرتویی و یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەموو ئاستێکدا.

    ‎ئەو ڕەوت و کولتورە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەم ئەو ڕاستیانەی سەلماندو هەم جێگەو پێگەی کورد و ڕەوایی خەباتی کوردی بە چەند قات بەرزتر کردو بە ئێران و بە دنیاشی سەلماند.

    ‎ئەو ڕەوتە تا هاتووە زیاتر گرینگی و پێویستیی هاودەنگی و یەکگرتویی بە حیزبەکانیش نیشانداوە، ئێستاش کە کۆماری ئیسلامی لەو پەڕی لاوازی و شکست و ڕیسوایی خۆی دایە، لەمبارەوە هەست بە بەرپرسیارەتی لە هەموو تاکێکی کورددا دروست کردوە کە بە بێ هەڵوێستێکی نەتەوەیی و یەکگرتوو، کورد هەلەکان لەدەست دەدا و ئەگەرچی کات و ئیمکانی باشمان لەدەست چووە بەڵام دەبێ بارودۆخی تازە بناسین و قۆناغێکی جیاوازترو تازەتر ببڕین و بە ئامادەیی زۆر زیاترەوە هەنگاو بنێین. خەڵکی کورد یەکگرتوو و هاوخەباتن،ئەوان ئەو زەرفییەت و لێهاتوویی و پتانسیەلەیان بە درێژایی ئەو چل ساڵە نیشانداوە، کەواتە حیزبە سیاسیەکانیش دەبێ بەرپرس بن و بە یەکەوە ئامادە بن بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک لە دواڕۆژی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.

    ‎پرسی بەرەی یەکگرتوو و هاواهەنگی حیزبەکان لە پێوەند لەگەڵ چارەنوس و داخوازیەکانی خەڵکی کورد، هەمیشە گرینگ و لایەنێکی ئەساسی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کورد بووە\’ هەوڵی زۆریشی بۆ دراوە، لە قۆناغگەلێکدا باش بووە یان کەم و کورت سەری گرتووە و بەداخەوە دواتر تێکچووە . لە هەر سەردەمێکدا کە یەکدەنگی و ناوەندی هاوکاری بوونی بووە و کاریان کردوە، ئاکام و دەسکەوتی باش و ئەرێنی زۆری لێکەوتۆتەوە و بە پێچەوانەش هەرکات حێزبەکان لێک دوور بوون و هەر یەکەی ئاهەنگێکی گێڕاوە، بەداخەوە دوژمن کەڵکی لێ وەرگرتووە و سەرکەوتوو بووە و بزووتنەوەی کوردیش تووشی زەرەر و زیان و دڵساردی و بێ متمانەیی بووە.

    ‎ئەزموون و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لاپەڕەیەکی تازەی هەڵدایەوە، هەموو لایەنەکانی بەو قەناعەت و ڕاستییە گەیاند کە بە بێ دیالۆگ و لێکنزیکبونەوە و هاوکاری هیچ بەرەوپێشچوون و دەسکەوتێک مسۆگەر نابێ .لەو پێودانگەوە ناوەندی دیالۆگی حیزبە کوردستانیەکان پێکهات و بڕیار درا  لە ئێستادا هەنگاو بنێن بۆ هاوکاری زیاتر و چالاکی هاوبەش. دوای چەند مانگ دیالۆگ و گفتگۆ یەکێک لەو هەنگاوانە سازدانی کۆنفرانسی هاوبەش بوو بە بۆنەی سێ ساڵەی شۆڕشی ژینا، \”ژن ژیان ئازادی \”لە شاری کۆڵن. ‎ئەو هەنگاوە وەکوو یەکەم دەرکەوتنی ۷ لایەنەکە، کارێکی زۆر باش و دڵخۆشکەرە و دەبێ بە تەواوی ئەو پرۆسەیە و ئەو بڕیارە بە جیددی و بە پشتیوانییەوە هەڵسەنگێنین. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەمیشە هەوڵیداوە و پێداگر بووە لەسەر هاوکاری و یەکگرتوویی و ناوەندی هاوکاری حیزبەکان. ئەو ناوەندە دەبێ بە هەموو شێوەیەک بەهێزبکرێ دەتوانێ و دەکرێ بەستێنێک بێت بۆ پێکهێنان و گەشەی ڕۆحی هاوکاری، لێک تێگەیشتن و هاواهەنگی بۆ داهاتوو بۆ داڕشتنی گەڵاڵە و پێشنیاری هاوبەش لەسەر بنەما و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە هەر سەردەم و ئاڵوگۆڕێکدا.

    ‎ئەو کۆنفڕانسە پێویستە هەڵسەنگاندنی جیددی بۆ بەرچاو ڕوونی و باشتر بوونی لە داهاتودا بۆ بکرێ. من بەکورتی باسی ئەو ڕەخنە و تێبینیانە دەکەم کە لەو کۆنفڕانسەدا بەرچاوم کەوتوون و هەستم پێکردوون.

    ‎یەکەم ئەوە کە سەڕەڕای ئەوەی هەموو لایەنەکان خۆیان پابەند و بەدەروەست دەزانی لەحاند دروشمی ژن ژیان ئازادی و پاراستن و لەبەرچاو گرتنی دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە ، بەڵام ئەوەی لە کۆنفڕانسەکەدا بەرچاو کەوت بە پێچەوانە بوو. حوزور وبوونی  ژنان لە پانێلەکاندا زۆر کەم بوو. زۆربەی لایەنەکان هەر سیاسەت و ڕوانگەی حیزبی خۆیان دووپات کردەوە و زۆر نەچوونە سەر ئەو ئامانجە هاوبەشەی کە بڕیار وابوو دوای چەند مانگ دیالۆگ لەسەر بەرجەستە کردن وبە هەند وەرگرتن وگرینگیدان بە ئامانجی ناوەند بێت و هەست بە هەنگاوی زیاتر و ڕۆشنتر بکرێ لە وتارەکانیاندا بۆ یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی لە پێناو ماف و داخوازیەکانی گەلی کورد.

    ‎دووهەم ئەوە کە چەند لایەن زۆر سێکتاریستی بەرتەسکبینانە ئاڵا و سروودی خۆیان داسەپاند. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ۷ حیزبە هەر کامەیان خاوەنی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتی جیاوازی خۆیان لە ڕاستەوە بۆ چەپن. ئەگەر هەر لایەنە بێت و هێما و سیمبۆلی خۆی هەڵواسێ و ئینکاری ئەویتر بکا، بەدڵنیاییەوە گەیشتن بە تەوافق و هاوکاری بنەڕەت و ئەساسی بۆ مەبەستە سەرەکییەکە دژوار و ئەستەم دەبێ. سێهەم ئەوە کە ئەو کۆنفڕانسە نیشانی دا کە حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بەداخەوە زۆر لە یەک دوورن. هەموو وەک یەک و بە رادەیەک تێگەیشتن و دەرکی هاوبەشیان لە بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کوردستان و دەرس و ئەزمونە مێژووییەکەی نییە. دەرک و لێکدانەوەی قوڵ و هاوبەشیان لە ڕەوتی ڕوداوەکان و خێرایی ئاڵوگۆڕەکان و دێمۆکراسی و دنیای دەرەوە و هەموو فاکتۆرە دەخیلەکان نیە. ئێمە ئێستاش هەڵگری کولتورگەلێکی سەقەت و نا دێمۆکراتییانەین، بەو شێوە ناتوانین جوابدەرەوەی قۆناغە جیاوازەکان و ئالۆزی کۆمەڵگا و دنیای سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی بین. بە چەقبەستویی فیکری و حیزبی هەنگاوی گەورە نانرێ. هەتا وەکوو هێز و ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و یەکدەنگ و بەهێز لە سەر ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کورد دەرنەکەوین، ئەگەری هەر چەشنە شکست و نەکسەیەک بێگومان زۆرە.

    ‎چوارەم ئەوە کە جوان بەرچاو دەکەوت کە هەرچەند هەموو حیزبەکان ئیدیعای دێموکراسی و قبوڵی هەمەچەشنی و جیاوازی بیر و فکر لە دروشم دا دەکەن ، گرینگ ئەوەیە لە کردەوە و مەیدانیش دا لانیکەم لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی مافی خەڵکی کورد ڕێکبکەون و لەو بڕگە و قۆناغەدا  بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵکی کورد بەسەر بەرژەوەندیی حیزبی دا زاڵ کەن.

    ‎من پێموایە ئێستا لە حاڵی حازردا حیزبەکان زۆر لێک دورن و بیری جیاواز لەسەر زۆر خاڵی گرینگی پێوەندیدار هەیە و پێشبینی ناکرێ بەو زوانە ئەو ئامانجە گرینگ و دڵخۆشکەرانەی مەبەستمانە  وەدی بێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە دڵسارد و نائومێد بین لە هەوڵدان بۆ دیالۆگ و یکدەنگی و هاوئاهەنگی لە نێوان حیزبە سیاسەکان . هەر کەس هەست بە بەرپرسیارەتی بکا دەبێ جاروبار لە قاڵبی تەنگی حیزبایەتی بێتە دەرەوە تا بەرینی دنیا باشتر ببینێ.