پێشەکی
شانۆنامەی “دادپەروەران” (1949)ی ئەلبێرت کامۆ و فیلمی “ڕووداوێکی سادە”ی جەعفەر پەناهی، هەرچەندە لە دوو بەستێنی مێژوویی و میدیۆمی تەواو جیاوازدا بەرهەم هاتوون، بەڵام لە ئاستێکی قووڵتردا پرسیارە هاوبەشەکانیان سەبارەت بە دەسەڵات، دادپەروەری و ئەخلاقی سیاسی دەخەنە ڕوو. دەکرێ ئەو دوو بەرهەمە وەک دوو سات لە مێژووی ئەندێشەی ڕەخنەگرانەدا لێکبدەینەوە: یەکەم: ڕەخنە لە ئیدئۆلۆژی شۆڕشگێڕانە و توندوتیژیی ڕەوا لە ئورووپای دوای جەنگی جیهانی دووەم؛
دووەم: نواندنەوەی دۆخی ژیاوی تاک لە نەزمی دەسەڵات و هێزی سەردەم، کە دەسەڵات نەک لە ڕێگەی گوتاردان بەڵکو لە ڕێگەی بۆرۆکراسی و هەڵپەساردن و بێدەنگییەوە کاردەکات.
ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە چەمکە تیۆریەکانی ئەلبێرت کامۆ، میشێل فۆکۆ، هانا ئارێنت و جۆرجۆ ئاگامبێن، هەوڵدەدات لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو بەرهەمە لە پەیوەندی نێوان فۆڕمی هونەر و سیاسەت، ئەخلاق و دەسەڵات، و کردار و هەڵپەسێردراویدا بکۆڵێتەوە.
“دادپەروەران”: دادپەروەری شۆڕشگێڕانە و تراژیدی ئیدئۆلۆژی
“دادپەروەران” یەکێکە لە ڕوونترین پەرچەکردارەکانی کامۆ بۆ پرسی توندوتیژی سیاسی. شانۆنامەکە باس لە کۆمەڵێک شۆڕشگێڕی ڕووسی دەکات کە لە پێناو ڕووخاندنی دیکتاتۆری تزاری، تیرۆری سیاسی وەک ئامرازێکی دادپەروەرانە قبوڵ دەکەن. بەڵام کێشەی سەرەکی کامۆ خودی شۆڕش نییە، بەڵکو ئەو لۆژیکە ئەخلاقیەیە کە بە ناوی داهاتووەوە ڕەوایی بە توندوتیژی دەدات.
لەم بەرهەمەدا کامۆ ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەلسەفەی هیگڵی-مارکسیستی ڕووبەڕوو دەبێتەوە (کامۆ، ١٩٥١)؛ فەلسەفەیەک کە مێژوو بە ئامانجێک دەزانێت و ڕەوایەتی دەدات بە قوربانیدانی ئێستا لە پێناو بەرژەوەندی داهاتوودا. لە “دادپەروەران”دا کارەکتەرەکان ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبنەوە: ئایا ئامانجی دادپەروەرانە دەتوانێت ڕەوایی بە کەرەستەی نادادپەروەرانە بدات؟ وەڵامی کامۆ نەرێنیە. بە جۆرێک لە مرۆڤدۆستی کارەساتباردا، هەر ئەخلاقێک لەسەر بنەمای “پێویستی مێژوویی” دامەزرابێت، ڕەتدەکاتەوە.
لێرەدا دەسەڵات هێشتا ڕووخسارێکی هەیە؛ قسە دەکات و موناقەشە دەکات وبە زمانی ئیدئۆلۆژی لەگەڵ بابەتەکان ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەمە ئەو خەسڵەتەیە کە شانۆنامەکە دەکاتە دەقێکی پشتبەستوو بە دیالۆگ ودیالیکتیک. سیاسەت لە \”دادپەروەران\”دا بابەتێکی گوتاری و درامایە.
“ڕووداوێکی سادە”: بایۆپۆلیتیک و دۆخی هەڵپەسێردراو
فیلمی “ ڕووداوێکی سادە”ی جەعفەر پەناهی لە بەستێنێکدا بەرهەم هاتووە کە خۆی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی سانسۆر و بەربەستی سیستماتیک لە سینەمای ئێراندا. پەناهی وەک \”موەلیفێک\” کە فیلمەکانی بەردەوام کەوتووەتە ژێر چاودێری حکوومەت و وردبینی و بەربەستی نمایشکردنەوە، پێگەیەکی دووانەیی داگیرکردووە: هەم چاودێری پێکهاتەی دەسەڵات دەکات و هەمیش بابەتەکەیەتی. ئەم بارودۆخە موەلیفانە ڕێگە بە فیلمەکە دەدات نەک تەنیا لە ئاستی گێڕانەوەدا، بەڵکو لە خودی بارودۆخی بەرهەمهێنان و نمایشکردنیشدا سیاسەت ڕەنگ بداتەوە.
لە ئەنجامدا دەتوانرێت \”ڕووداوێکی سادە\” وەک نموونەیەک هەژمار بکرێت کە ناوی لێنراوە \”سینەمایەک لە ژێر چاودێری\” یان \”سینەمای سانسۆر\”؛ سینەمایەک، کە تێیدا سڕینەوە و کورتکردنەوە و بێدەنگی تەنیا هەڵبژاردەی جوانیناسانە نین بەڵکو وەڵامدانەوەی ناچارین بۆ پێکهاتەی دەسەڵات.
لە بەرامبەردا \”ڕووداوێکی سادە\”ی جەعفەر پەناهی، جیهانێک نیشان دەدات کە دەسەڵات پێویستی بە پاساوی ئیدئۆلۆژیک نەماوە. تاک لە تۆڕێکی یاسا وڕێساکان و دواکەوتنەکان و قەدەغەکراویدا، گیرۆدە بووە، نە بە ئاشکرا توندوتیژی دەنوێنێت و نە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت. ئەم دۆخە دەتوانرێت لە ڕوانگەی فۆکۆ و ئاگامبنەوە شی بکرێتەوە.
فۆکۆ لە ڕوانگەی دەسەڵاتی سەروەری سەبارەت بە بایۆپۆلیتیک قسە دەکات (فۆکۆ، ١٩٧٦)، کە کۆنتڕۆڵکردن نەک لە ڕێگەی سەرکوتی ڕاستەوخۆ بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەوە ئەنجام دەدرێت. لە فیلمی پەناهی دا دەسەڵات لە شێوەی کارمەندی دەزگای ئەمنییەتی، یاسا و دادگا دەرناکەوێت؛بەڵکوو بە شێوەی شاراوە و هەڵپەسێردراو و نادڵنیا خۆی دەردەخات.
ئاگامبێن ئەمە بە \”دۆخی ئاوارتەیی\” ناودەبات (ئاگامبێن، ١٩٩٥): دۆخێک کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی فەرمی هەڵپەسێردراو نییە، بەڵام لە پراکتیکدا بۆ تاک کار ناکات. کارەکتەری فیلمەکە نە تاوانبارە و نە بێتاوان؛ ئەو لە \”ژیانێکی ڕووت\”دا کورت دەکرێتەوە، ژیانێک کە ماف تەنها بە شێوەیەکی شاراوە بوونی خۆی دەنوێنێ.
سیاسەت لێرەدا مەیدانی کردەوەی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو ئەزموونێکی ڕۆژانە و ڕۆچوونێکی نەرمە.
سانسۆر وەک فۆرم
لە فیلمی “ڕێکەوتێکی سادە”دا، ناتوانرێت سانسۆر تەنیا وەک بەربەستێکی دەرەکی لەبەردەم دەربڕینی هونەریدا بزانین؛ بەڵکو ئەم بەربەستە سیستماتیکانە وردە وردە دەبێتە بەشێک لە زمانی سینەمایی فیلمەکە. نەهێشتنی ڕوونکردنەوەی دالی، دوورکەوتنەوە لە دراماتیزەکردنی کلاسیک، جەختکردنەوە لەسەر کاتە مردووەکان و بێدەنگییە بەردەوام ودرێژخایەنەکان هەموویان نیشانەی گۆڕینی فشاری دەرەکین بۆ فۆڕمی ناوخۆیی. ئەوەی نەگوتراوە، بەو ئەندازە دەبینرێت کە مانا بەرهەم بهێنیت.
بەم مانایە سینەمای پەناهی سەر بە نەریتێکە کە دەکرێ ناوی بنێین “جوانیناسی ناچاری”: فیلمساز لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سانسۆر ببێتەوە، دەیتوێنێتەوە و دەیگۆڕێت بە لۆژیکی گێڕانەوەی فیلمەکە. دەرئەنجامەکەی زمانێکی سینەماییە کە سیاسەت نەک لە ڕێگەی ئاشکراکردنی ڕووت بەڵکوو لە ڕێگەی ئەزموونی ژیاوی لەدەستدان و دواکەوتن و هەڵپەساردن دەگوازێتەوە. سانسۆر لێرەدا لەبری سڕکردن یان سڕێنەوەی مانا، مانا بۆ ئاستێکی قووڵتر و خۆڕاگرتر دەگوازێتەوە.
ئەخلاق: لە بڕیاری کارەساتبارەوە تا ڕۆچوونی نەرم
لە “دادپەروەران”دا، ئەخلاق لە شێوەی بڕیارێکی تراژیدیدا دەردەکەوێت: کوشتن یان نەکوشتن. کارەکتەرەکان بە ئاگاهییەوە، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی کارەکانیان قبوڵ دەکەن، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکەیان کارەساتبار بن. ئەمەیە کە هانا ئارێنت بە “کردەوە” ناوی بردووە: کرداری هۆشیارانە لە پانتایی گشتیدا.
بەڵام لە فیلمی پەناهیدا وردە وردە ئەخلاق دەشێوێت. بابەتەکە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بەردەوامیی ژیانە لە هەلومەرجێکدا کە تاک لە هەڵبژاردن بێبەش دەکات. لێرەدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە \”ئەخلاقی ورد\” دەبینەوە: ئەخلاقێک کە لە بێدەنگی و دانبەخۆداگرتن و ڕەتکردنەوەی داڕمانی تەواوەتی، مانا خۆی دەدۆزێتەوە.
فۆرم و سیاسەت
جیاوازی میدیۆمی نێوان ئەو دوو بەرهەمە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە دەربڕینی سیاسەتدا هەیە. شانۆنامەی کامۆ پشت بە زمان و دیالۆگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئارگیومێنتەکان دەبەستێت؛ فۆرمێک کە پەیوەندی بە نەریتی ڕۆشنگەری و ڕەخنەی عەقڵانییەوە هەیە. لە بەرامبەردا فیلمی پەناهی لەسەر بنەمای سڕینەوە و بێدەنگی و مینیمالیزم دامەزراوە. فۆرمی فیلمەکە، خۆی ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتێکە کە نابینرێت بەڵام لە هەموو شوێنێکدا هەیە.
بە وتەی ژاک ڕانسیێر، سیاسەتی هونەر لە دووبارە دابەشکردنەوەی بابەتێکیی بەرجەستەیە (ڕانسیێر، ٢٠٠٤). \”دادپەروەان\” لە ڕێگەی گوتاری فەلسەفییەوە،بابەتێکی بەرجەستە، دابەش دەکاتەوە، لە کاتێکدا \”لە ڕێکەوتێکی سادەدا\” بە وێناکردنی بابەتی لاوەکی و نابەرجەستە، سیاسەت دەگەیەنێتە ئاستی ژیانی ڕۆژانە.
هانا ئارێنت: جیاوازی نێوان دەسەڵات و توندوتیژی و دەرفەتی کردار
لە کتێبی “لەبارەی توندوتیژی”دا، هانا ئارێنت جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان دەسەڵات و توندوتیژیدا دەخاتەڕوو (ئارێنت، ١٩٧٠)، جیاوازییەک کە ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمەکانی کامۆ و پەناهی دەکاتەوە. دەسەڵات لای ئارێنت بابەتێکی گشتییە کە لە کردەوەی هاوبەشی مرۆڤەکانەوە لە کایەی گشتیدا سەرهەڵدەدات، لە کاتێکدا توندوتیژی کاتێک سەرهەڵدەدات کە دەسەڵات داڕمابێت یان ڕەوایی خۆی لەدەست بدات.
لە دادپەروەراندا شۆڕشگێڕەکان لە ساتی گواستنەوە لە دەسەڵاتەوە بۆ توندوتیژین. ئیتر توانای دروستکردنی کۆدەنگی و کردەوەی هاوبەشیان نییە، هەربۆیە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان پەنا بۆکوشتن دەبەن. ئەم چرکەساتە لای ئارێنت نیشانەی شکستی سیاسەتە، چونکە سیاسەتی ڕاستەقینە لەسەر دیالۆگ و کردار دامەزراوە نەک لەسەر نەهێشتن و سڕینەوەی فیزیکی ئەویتر. کامۆ، هاوتەریب لەگەڵ ئارێنت، نیشان دەدات کە توندوتیژی درێژەپێدەری دەسەڵات نییە، بەڵکو جێنشینە کارەساتبارەکەیەتی.
لە فیلمی ڕووداوێکی سادەدا دۆخەکە ئاڵۆزترە. نە دەسەڵات بە مانای ئارێنتی هەیە و نە توندوتیژیی ڕووت. ئەوەی دەیبینین جۆرێکە لە بۆشایی دەسەڵات وهێز کە بە میکانیزمی کارگێڕی و چاودێری پڕ دەکرێتەوە. ئەو پانتاییە گشتیەی کە ئارێنت وەک مەرجێک بۆ دەرفەتی کردار دەیبینێت، لە بنەڕەتدا بوونی نییە. کارەکتەری فیلمەکە ڕێگەی پێنادرێت وەک بکەرێکی سیاسی دەربکەوێت؛ کردار لە بێدەنگی و هەڵپەساردندا کورت دەکرێتەوە.
بەڵام دەتوانین بڵێین \”بوونی بەردەوام\”ی تاک لە بەرامبەر نەزمی باڵادەستدا جۆرێکە لە کەمترین کردار: کردارێک بەبێ گوتاردان، بێ پاڵەوان و بێ ئاسۆیەکی ڕزگارکەر. لێرەدایە کە سینەمای پەناهی چەمکی ئارێنتی کردار دەباتە سنووری کۆتایی.
جۆرجۆ ئاگامبێن: دۆخی ئاوارتەیی و ژیانی ڕووت لە سینەمای پەناهی
تیۆری جۆرگۆ ئاگامبێن سەبارەت بە “دۆخی ئاوارتەیی” چوارچێوەیەکی ورد بۆ خوێندنەوەی “ڕووداوێکی سادە” دابین دەکات. ئاگامبێن نیشان دەدات لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا دۆخی ئاوارتەیی نەبووەتە دۆخێکی کاتی بەڵکو بووە بە چوارچێوەیەک. یاسا بە شێوەیەکی فەرمی لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام لە پراکتیکدا بۆ هەندێک کەس هەڵپەسێردراوە.
لە فیلمی پەناهیدا کارەکتەری سەرەکی لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا گیرۆدە دەبێت. نە بە فەرمی مەحکومە و نە ئازادە؛ نە بە تەواوی لەناو یاسادایە و نە لە دەرەوەی یاسایە. ئەم هەڵپەساردنە بەردەوامە نموونەی ئەو \”ژیانە ڕووتە\”یە کە ئاگامبێن باسی دەکات: ژیانێک کە مافە سیاسییەکانی لێ زەوت کراوە، بەڵام هێشتا بابەتێکە بۆ کۆنترۆڵ کردن.
نموونە فۆرمییەکانی فیلمەکە ئەم دۆخە بەهێزتر دەکەن: چاوەڕوانییە درێژخایەنەکان، نەبوونی وەڵامێکی ڕوون، دووبارەبوونەوەی بارودۆخی ژیانی ڕۆژانە و نەبوونی لوتکەی دراماتیک. ئەم توخمانە ئەوە دەردەخەن کە مەرج نییە توندوتیژیی دەسەڵات لە لێدانێکی ئاشکرا یان سزایەکدا دەربکەوێت، بەڵکو لە هەڵپەساردنی بێکۆتایی ژیاندا دەردەکەوێت.
بە بەراورد، \”دادپەروەران\” هێشتا لەناو ئاسۆی سیاسەتی کلاسیکدا دەجووڵێت، جێگایەک کە دوژمن ناسراوە و مردن دەرئەنجامی کۆتایی ململانێی سیاسییە. بەڵام لە دونیای پەناهیدا سیاسەت لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ژیاندا کورتکراوەتەوە. مردن جێگەی خۆی بە ڕۆچوون داوە و پاڵەوانی تراژیدیش بووە بە پاڵەوانێکی بێدەنگ.
لە کۆتاییدا دەکرێ “دادپەروەران” و “ڕووداوێکی سادە” وەک دوو وەڵامی مێژوویی بۆ پرسیارێکی بنەڕەتی سەیر بکرێت: ئەخلاق چی بەسەر دێت کاتێک دادپەروەری لە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتدایە؟ کامۆ مەترسی توندوتیژی ئیدئۆلۆژیک ئاشکرا دەکات و پەناهی ڕۆچوونی مرۆڤایەتی لە نەزمی پاوانخوازی ئەم سەردەمە وێنا دەکات. یەکێکیان لە ناو فەلسەفەی مێژووەوە دەروانێت، ئەوی تریان لە ناخی ئەزموونی ژیانەوە دەروانیتە جیهان.
ئەم دوو بەرهەمە، لە کۆتاییدا، بیرخستنەوەیەکن کە ڕەخنە لە دەسەڵات نەک تەنها لە ئاستی تیۆریدا، بەڵکو لە ئاستی فۆرم و ژیانی ڕۆژانەشدا مانا دەدۆزێتەوە.
ئەگەر “دادپەروەران”ی کامۆ و “ڕووداوێکی سادە”ی جەعفەر پەناهی نەک تەنیا وەک دوو بەرهەمی هونەری، بەڵکو وەک دوو ساتی مێژوویی لە ڕەخنەی دەسەڵاتدا لەبەرچاو بگرین، دەتوانین گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پەیوەندی نێوان سیاسەت و فۆرمدا ببینین. ئەم گۆڕانە لە \”توندوتیژی ئایدیۆلۆژییەوە\” بۆ \”فۆڕمی سانسۆرکراو\” دەتوانرێت وەک نیشانەیەک بۆ گواستنەوە لە سیاسەتی کلاسیکەوە بۆ سیاسەتی هاوچەرخ بزانین.
لە دونیای کامۆدا هێشتا دەسەڵات پشت بە ئیدئۆلۆژی دەبەستێت و بە زمانی دادپەروەری و پێویستی مێژووی توندوتیژی خۆی پاساو دەداتەوە. سیاسەت لێرەدا گۆڕەپانی کردەوەی چارەنووسساز و بڕیاری کارەساتبار و مردنی مانادارە. توندوتیژی شۆڕشگێڕانە، هەرچەندە لەلایەن کامۆوە ڕەخنەی لێدەگیرێت، بەڵام لە ئاسۆی بیری سیاسیدا ماوەتەوە؛ ئاسۆیەک کە تێیدا بکەرە سیاسییەکان بتوانن وتار بدەن و هەڵبژێرن و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن.
بەڵام لە جیهانی پەناهیدا سیاسەت بەرەو ئاستێکی دیکە گواستراوەتەوە. دەسەڵات چیتر پێویستی بە توندوتیژی ئیدئۆلۆژیک نییە؛ دەرفەتی دەربڕین و کردار و تەنانەت ناڕەزایەتی هەڵدەپەسێردرێت. لەم دۆخەدا، سانسۆر ئامرازی سەرکوتی دەرەکی نییە، بەڵکوو لۆژیکی ناوخۆیی نەزمی سیاسییە. فۆرمی سینەمایی بە ناچاری لەم لۆژیکەدا توواوەتەوە: سڕینەوە لەبری بوون، بێدەنگی لەبری گوتاردان و هەڵپەساردن لەبری کارەسات.
لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەوەی لە “دادپەروەران”دا وەک توندوتیژی ڕووت و کارەساتی ئەخلاقی دەردەکەوێت، لە “ڕووداوێکی سادە”دا وەک ڕۆچوونێکی نەرم و بایۆپۆلیتیک بەردەوامە. مەرگ جێگای خۆی دەدات بە هەڵپەساردن و پاڵەوانی شۆڕشگێڕیش دەبێتە سوژەیەکی بێدەنگ کە بەرەنگارییەکەی نەک لە کردەوەی ئاشکرادا بەڵکوو لە بوون و مانەوەدا مانا پەیدا دەکات.
ئەم تێپەرینە مێژووییە نیشان دەدات کە ڕەخنە لە دەسەڵات لە هونەری هاوچەرخدا مەرج نییە چیتر ڕێبازی لەقاودان و ئاشکراکردن یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ پەیڕەو بکات. هەندێک جار، وەک سینەمای پەناهی نیشان دەدات، سیاسەتی ڕادیکاڵ لە خودی فۆرم دایە: فۆرمێک کە نواندنەوەی بەربەستەکان ناکات ، بەڵکو وای لێدەکات بتوانرێت بژین و ئەزموون بکرێت. بەم مانایە جیاوازی نێوان کامۆ و پەناهی نیشانەی پچڕان نییە، بەڵکو نیشانەی پەرەسەندنی فۆرمەکانی بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتە.
سەرچاوەکان
Panahi, J. (2001). Be Ravayat-e Sadeh [Motion picture]. Iran: Jafar Panahi Film Productions.
Camus, A. (1951). L’Homme révolté. Paris: Gallimard.
Arendt, H. (1970). On Violence. New York: Harcourt, Brace & World.
Foucault, M. (1976). Histoire de la sexualité, vol. 1: La volonté de savoir. Paris: Gallimard.
Agamben, G. (1995). Homo Sacer: Sovereign Power and Bare Life. Stanford: Stanford University Press.
Rancière, J. (2004). The Politics of Aesthetics. London: Continuum.



