چیڕۆکی \”هیواوخەیاڵ\”

خەڵکی وڵاتی گەرمێن و کۆێستان بوو.هەموو ڕۆژێ بەیانییان کە تاو هەڵدەهات لەسەرتاشە بەردێکی ساف وجوان ،ڕوو بە هەتاو دادەنیشت و سواری ئەسپی خەیاڵ دەبوو ، تەواوی قوژبن و هەردی ئەم وڵاتە خەماویە دەگەڕا.

ڕۆژێ بەیانی زوو،پێش هەڵاتنی تاو هاتە دەرێ ولەسەر سەرمای بەردەکە دانیشت.چاوەکانی پڕبوو لە خەم. بیرەوەرییەکی کۆنی بیرکەوتەوە.لە گەڵ خەم وتاسە ڕۆیی تاگەیشتە کێوە بڵیندەکانی زاگرۆس.

هێمای خەڵکێکی پڕشکۆ و دڵخۆشی دی هەرهەموویان ڕووبە هەتاو دانیشتبوون ولە خودای خۆر دەپاڕانەوە. خودای مانگ وخۆر و با و بۆران،تکایە بەفر ببارێنەوە و بارانمان لێ  مە  گرە ، وڵاتمان لەشەڕو شۆڕ و ناهومێدی بپارێزە.

هیوا پیاوه که ی ئەم داستانە خەیاڵیاوەی ئێمە یه.گوێی ڕاگرت لەزرمە و گرمەی شۆڕەسواران وا لە شەڕێکی سەرکەوتوانە  دەگەڕانەوە.

خەیاڵ و هیوا ساڵ بە ساڵ و پەڕبە پەڕی مێژووی ئەم وڵاتە مەزنەیان هەڵدایەوە.لە میترا تا زەڕدەشت و تا پیاوە ڕەش پۆشەکانی ئیسلام ،ئەوکاتەی بە وشتر و کەر پێیان خستە سەرگەرووی  ئەم وڵاتە پیرۆزەوە .له سەفەوی و شەڕی وێرانکەری چاڵدۆڕان وتا ئێستاکە.

هیوا لەسەرباڵی خەیاڵ خەوی لێکەوت.لەخەوی دا تاو هەڵاتووە و هەموو خەڵکی گوند و شار ڕژاونەتە سەرشەقام وشایی و  به زم و گۆڤەنده.لاوو پیر هەڵدەپەڕن .کچان چۆپی دەگێڕن و کوڕان گۆرانی دەڵێن.

پیرە پیاوێکی ڕدێن سپی چووە پشت بڵیندگۆکە و بە دەنگێکی سێحراویەوە گووتی:ژن وپیاو ،گەورە و چکۆلەی وڵاتی مەزن!\”سەرکەوتنتان بەسەر دێوەزمەی تاریکی و شەڕ وپەتادا پیرۆز\”.هەڵپەڕکێ و شایی هەر لە خێڵی پشتێند و کڵاش و جامانە جوانە.هەڵپەڕن لەسەر ئەم خاکە پیرۆزە،ئێرە مەڵبەندی شەهیدانە.

دوای تەواوبوونی قسەکانی پیرە پیاو،باران نمە نمە باری وتێکەڵ بە تیشکی خۆر ،کۆلکە زێڕینەیەکی گەورەی لە ئامێز گرت کە لەم سەر تا ئەوسەری زاگرۆسی داپۆشی و کچ و کوڕی ئەم مەڵبەندە پشتێند و سوخمە و بەرۆکیان پێدا هەڵواسی .