\”چیڕۆکی \”پاشای تەنیا

لە وڵاتی خۆرو مانگ وئەستێرە پاشایەکی مەزن بەسەردار وبەردو هەردو چۆڵ دا پاشایەتی دەکرد.هەموو دار و دەوەنی ئەو وڵاتە گوێڕایەڵی فەرمانی بوون.تۆ بڵێ بایش بەقسەی دەکرد.کانی هەڵدەتۆقی و نسار بەفر وبارانی دەگرت.

ڕۆژێ لە ڕۆژان خاوەن شکۆ جلێکی جوانی لەبەرکردوبەفەرمانێک بای بە جوڵە خست.با پاشای لەسەرکێوی \”هەوراز\”لەسەرتاشە بەردێکی ساف و لووس دانا. پاشا دانیشت و چاوەکانی بەسەرشیو و دۆڵی ئەو مەڵبەندە دا گەڕاند.دیتی مشکێک لە کون هاتە دەر وبۆ دانە وێڵە دەگەڕا،قەلێک لەسەردارێک نیشتەوە.چۆلەکەیەک هەڵفڕی و لە خوارێ بەرازێک بۆڕاندی. دەستێکی بە ڕیشیدا هێناو و هەستایە سه ر پێ وسێبەری خۆی دی زۆرگەورە ببوو.بە لەخۆباییەکەوە کووتی: من بە هێزم یان با؟ یا ئەو کەوەی وائێستا لەبەر پێم هەڵفری یائەو بەردەی والەسەری دانیشبووم؟

بە پێ هاتە خوارێ بەسەرگووڵ و خۆڵدا ڕۆیی ولەڕێگا هەر ڕومەتی دەخوراند. هات تا گەیشتەته سەرکانییەکی پڕئاو و دانیشت و چۆڕێکی ئاو خواردەوە وکووتی:ئەرێ من بە هێزترم یا تۆ؟ یا هەورو باران؟ یا باڵنده و باو گوڵ و یا… کانی پێکەنی و گووتی:قوربان!خاوەن شکۆ !من ئاوم لە بەرنەڕواو با بە جوڵە نەکەوێ و گووڵ  نەپشکوێ و کۆتر نەگمێنێ و مشک نەمێنێ ئیدی تۆ بەسەرچیدا پاشایەتی دەکەی و حوکم دەدەی؟ شا تۆڕە بوو و گوڕاندی و کووتی من پاشای ئەم وڵاتەم و هەر کات بمەوێ پەتی سێدارەت هەڵدەخەم .لە قیژە و نەڕەی شا کانی ویشک بوو ،گەڵا وەری، گوڵ وسەوزە سیس بوون . با لەخۆڵ نیشت و مشک ترسا وکەو دەنگی نووسا. وڵاتی مانگ و خۆر وئەستێر بەفری بە خۆوە نەگرت ، باران نەباری و زەوی پڕبوو لە قوونە لاشک ودڕۆ و تەڕێلە.

خاوەن شکۆ نەشکۆی ما ونە دەسەڵات.تاجەکەی داکەوت  .ڕۆژێ بەرە بەیانێکی زوو لەسەردارێکی پڕدڕو و ویشک هەڵاتوو لە پەنا کەندەڵانێ بە ته نافەێکی پیس وچڵکن خۆی هەڵواسی.

 دوای مردنی شا تاو هەڵات،باران باری و کانی هەڵتۆقی. با بە جوڵەکەوت و دەشت و دۆڵ پڕبوو لە گوڵاڵە و سەوزە و بۆبن.

\"\"